تەرمی میر تەحسین بەگ لە مەراسیمێکی شایستەدا گەیشتەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە مەراسیمەکەدا وەفدێکی باڵای هاوپەیمانیی نیشتمانی بەشداری بکەن.
میری ئێزدیان لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا لە هانۆڤەر بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
میر تەحسین ناوی تەواوی تەحسین سەعیدە و لە ١٥ئابی ١٩٣٣ لە ناحیەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخان لە دایک بووە.
ناوبراو دوای مردنی باوكی لە ساڵی ١٩٤٤ و لەتەمەنی یانزە ساڵیەوە بووە بە میری ئێزیدیەكان.
میر تەحسین ساڵی ١٩٦٢ چووەتە ئەوروپا و بۆ ماوەی ساڵێك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا ماوەتەوە.
دواى هەرەسی ١٩٧٥ ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، پاشان ڕویكردووەتە لەندەن و لەساڵی ١٩٧٦ەوە تا ساڵی ١٩٨١ لەوێ ماوەتەوە، دواتر لەلایەن رژێمی سەدامەوە لێبوردنی بۆ دەركراوه و گەڕایەوە عێراق.