دوا راپۆرتی فریدەم-ھاوس پێماندەڵێت کە دیموکراسیی لە دونیادا لە قەیراندایە. دوا دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی ھەرێم بە ڕوونیی پێماندەڵێت کە دیموکراسیی لە ھەرێم لەقەیراندایە. دەکرێت ئەم ڕووداوە بە چاوی چۆلەکە ببینین و ھەروەھا بە چاوی خوداش. ھەردوکیان پێویستە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ورد و باشمان ھەبێت.
دیارە بێگومان دیموکراسیی تەنھا یەک قەیرانی نییە و تەنھا لە یەک جێگای دونیادا لە قەیراندا نییە. ھەندێک قەیرانی دیموکراسیی بۆ دونیای ئێمە بە سودە و ھەندێکی تری پەیوەندی ڕاستەوخۆی نییە. لە ئەمریکادا دیموکراسیی لە قەیراندایە، بەڵام قەیرانەکە لە ئەنجامی پەیوەندی نێوان بازاڕ و دەوڵەتدا دروستبووە، نەک بە ھۆکاری راستەوخۆی تایبەت بە دیموکراسی. ھەرچەندە نوخبەی بڕیاردەر لە ئەمریکا تەنھا ٠.٠٢٪ ە. ئەو ھاوشێوەیەی ھەیە لە گەڵ کوردستاندا ئەوروپای ڕۆژھەڵاتە. گەلانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات بە گوڕ و تینەوە بەرەو ڕووی دیموکراسیی ڕۆشتن، لە پرۆسەی شۆک-پیرەپیدا لە پڕ لە شەو و ڕۆژێکدا باوەشیان بۆ دونیا کردەوە، نەک بە پرۆسەی ھەنگاو بە ھەنگاو. ئەم دوو پرۆسەیە قسەی زۆر ھەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا نا.
برەوپێدەرانی دیموکراسی، لە واشنتون و شوێنەکانی تر بەھەمانشێوە ئەوروپای ڕۆژھەڵات و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان بە نزیک لەیەکەوە بینی. ئەمە لە ھاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بە باشیی ڕەنگییدایەوە. بەڵام ئەو سەردەمە ئەوروپای ڕۆژھەڵات ھێشتا دژە دیموکراسیی ھێندە تیایدا بەھێز نەبوو.
لە کوردستان و عێراق و وڵاتانی وەک ھەنگاریا، پۆڵۆنیا، دەبینین خەڵکی و ھێزی سیاسیی دێنە ئاراوە کە دژ بە دیموکراسین و شەعبیەتیان ھەیە. دوو چەمک لێرەدا گرنگە: یەکەم، خێرایی، دووەم، ھیوا. خەڵکی ئەوروپای ڕۆژھەڵات بڕوایان وەھابوو یان ھیوایان وەھابوو کە بە خێرایی گۆڕانکاری ڕوودەدات و لە ئەنجامدا ئەوانیش وەک ئەوروپای ڕۆژئاوایان لێدێت. ئەمە لە ئەڵمانیای ڕۆژھەڵاتیش بەھەمانشێوە بوو، بەڵام بە ھەندێک خەسڵەتی جیاوازەوە.
برەوپێدەرانی دیموکراسیی لەدونیادا ھانی ئەم خەڵک و کۆمەڵگایانەیان ئەدا کە وەھا بیربکەنەوە، بە تایبەتی دیموکراسیی لە بەرگی سەرمایەدارییدا زۆر بە ڕەونەقە. بە جۆرێک زوو فریوت دەدات کە بەھەشتە. بە دڵنیایەوە ژیان لە ھەموو ئاستێکدا لە رۆژئاوا باشتربوو لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا براوەبوو لە یاریەکەدا. براوە خاوەن سەرکەوتن و دەسەڵاتە، بۆیە قۆزیشە. بەڵام گۆڕانکارییەکان بەم خێراییە بەرەو پێش نەڕۆشتن لە جێگاکانی تری دەرەوەی ڕۆژئاوا. ئەگەر بە شێوازی لۆنگ دیورەی بیربکەینەوە ئەوا دیموکراسیی لە ناوەوەی ئەوروپا، کات و بنەما و دەزگا و ئاگایی و ئابوری و بونیادی و کولتوری ھەبوو کە لە جێگای تر نەبوو.
ئەمڕۆ خەڵکانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا ھەست دەکەن کە توشی نائومیدی بوون لەوەی بتوانن ئەوەی وێنایان دەکرد بەدەستیبھێنن یان بەو خێراییە بۆیان فەراھەم بێت. ئەمەش ھەمان دۆخە لە کوردستان. بیرتان دێت کابرایەک ھەبوو لە سەروبەری ھاتنی ئەمریکاییەکاندا ھاواری دەکرد وێنک دیموقراتیە؟ لە کوردستان چەند پرۆسەیەک روویدا لە میانەی دیموکراتیزەکردن:
یەکەم، بە ئاگابونەوە، ھەمیشە گەلان و وڵاتان کاتی زۆریان دەوێت ھەتا بە ئاگابنەوە. وڵاتی ئایرلەندا پاش سەربەخۆیی،ئابوری خراپ بوو، بەڵام ھەتا ساڵی پەنجاکان بەئاگانەبوەوە کە خراپە، دیارە ھۆکاری ئالۆزتر ھەیە ئەگەر بە چاوی چۆلەکە ببینین. کوردستان ھەتا ھاتنی بزوتنەوەی گۆرانی ویست بە ئاگابێتەوە لە قەیرانی نەبوونی دیموکراسی و بنەماکانی. ھێزە ئیسلامیەکان کە ھەبوون ھێزی دیموکراسیی نەبوون بەشێکبوون لە شەپۆلی سەحوەی ئیسلامیی کە ھۆکاری زۆرە.
دووەم، ھەنگاوی دیموکراتیزەکردن خەونی گۆرانکاریی بوو. ئەم خەونە ھێندە بە گوڕھات کە لە گەڵیدا خەونێکی زۆری ھێنا کە گۆرانکاری دێت، بەڵام کوردستان جێگایەک نەبوو کە تۆ بێیت نوخبەی سیاسیی بگۆڕیت و گۆڕانکاریی بێتە ئاراوە، یان رەفتاری نوخبەی سیاسیی بگۆڕیت و گۆرانکاریی بێتە ئاراوە. بەڵکو پێویستیی بە بونیادنانی ھەموو بنەماکانی گۆڕانکارییە، وەک سوپا، ئابوری، پەرلەمان، حکومەت و دیپلۆماسی. کەواتە پرۆسەی گۆرانکاری؛ ھەر لە سەرەتاوە کێشەی ئەوەبوو کە ئامرازی گۆڕانکاریی نییە، بەڵکو ئەوەی ھەیە ناگونجێت بۆ گۆڕانکاری. بۆیە کار لە سەر خواستی گۆڕانکاریی کرا بەبێ ھیچ ھەنگاوێک لە سەر بونیادی گۆڕانکاری. لە ئەنجامدا خواست رووبەروی بنەما بوەوە. ئەمە ئاسان نەبوو لە خەڵکی بگەیەنەیت، نە لە کوردستان و نە لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات.
ھەنگاوی سێیەم، خاوبونەوە. کاتێک خەڵک بۆیان دەرکەوت کە دیموکراسی؛ بە ئاسانیی نایەت و بنەماکان لە ئارادانین، ئەکتەرەکان لە ئاستیدانین، ئەوا خێرا نائومێدبوون. لە ئەوروپای ڕۆژھەڵات زۆرێک پەنایان بردە بەر گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت و شەخسی بەھێز. لە کوردستان پەرشو بڵاوبوو. بە گشتیی کەس نایەوێت و ناتوانێت ھەموو ئاڵۆزییەکان ببینێت. ھەموو کەس دەیەوێت پێیبڵێی کە ئاسانە. ئەمە قەیرانێکی ئاگایی سەختە، بە تایبەت ھێشتا لە کوردستاندا خەڵک بڕوای وەھایە کە کێشەکە ئەوەیە کەسەکان باش نین، ئەگەر بێتوو کەسەکان باش بن ئەوا دۆخەکە دەگۆڕێت، بەڵام کێشە لە کەسەکاندا نییە، ھەرگیز ھیچ سیستمێک نایەتە ئاراوە تەنھا لە سەر باش و خراپیی کەسەکان. ئەوە بنەما و بونیادەکەیە. گەڕان بە دوای کوڕی باشدا، ھێشتا خەونی ئەوانەیە کە دەخوازن گۆڕانکاری بێتە ئاراوە. ئەمە ڕەگی لە ئاگایی دینییدا ھەیە کە رزگارکەرێک دێت و تاکە کەسی ھەیە کە گۆڕانکاری دروستدەکات، دەبینین لە کوردستان زۆر باس لە گاندی و کەسانی وەھا دەکرێت.
دەرئەنجامی ئەمە براوە ھێزە تەقلیدیەکانە، چونکە بنەمایان ھەیە. ھەروەھا پەیوەندیی ئەندامەکانیان لە سەر بنەمای نەگۆرانە نەک گۆڕانکاری. ھەمیشە نەگۆڕان ئاسانترە لە گۆڕان. ئێستا زۆرینەی خەڵک لە دەرەوەی پرۆسەی دیموکراسییە. ئەم پشووکورتییە لە سودی نەیارانی گۆڕانکارییدایە، بەڵام چاوەڕوانکراوبوو. ئایا ھەنگاوی داھاتوو چیدەبێت:
ھێشتا خەڵکێک ھەن بڕوایان وەھایە کە میدیا و دەنگە دەنگ دەتوانێت گۆرانکاری بھێنێتە ئاراوە یان ئەوەی لە پارە پەیداکردندا سەرکەوتوبێت ئەوا لە حوکمدارییشدا سەرکەوتوو دەبێت. ئەمە دوا قۆناغی قەیرانی دیموکراسییە. ئیتالییەکان پێش ھەموان ئەم ھەنگاوەیان تاقیکردەوە لە کەسایەتی بیرلسکۆنیدا، بەڵام نەک گۆڕانکاری بەڵکو ھێندەی تر خراپی کرد، ئەمرۆ ئەمریکا ئەم دۆخە تاقیدەکاتەوە ئەمریکا لە خراپترین و ئاڵۆزترین دۆخیدایە. ھاتنی ئەھلی فلوس کۆتایی مەعریفە و ئەخلاق و بەتەنگەوەھاتن و تێگەیشتن و زانستە لە حوکمدارییدا.
ئایا قەیرانی ھەرێم دەبێتە ھۆکاری کۆتایی دیموکراسیی و باڵادەستی نادیموکراسیی و دیماگۆجیەت یان دەبێتە ھۆکاری تێرامان لە پرۆسەکە کە پێویستیی بە بونیادنان و وەرچەرخان و دروستکردن ھەیە و پڕ پڕە لە ئاڵۆزی و ھەوراز.
سەردار عزیز